تیمەكانی بەرگریی شارستانی دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 240

راچڵەكین -

بەهۆی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بارانبارین و ئەگەری دروستبوونی لافاو،  سەرجەم تیمەكانی بەرگریی شارستانیی لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

موقەدەم سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی هەرێمی كوردستان، بە رووداوی راگەیاندووە، لە ئەمڕۆوە یەكشەممە 7-12-2025، بۆ ماوەی پێنج رۆژ تەواوی هێزەكانیان لە هەموو شارەكان بۆ رووداوی نەخوازراو و ئەگەری دروستبوونی لافاو، خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بڕیارەكەی بەرگری شارستانیی هەرێم لەكاتێكدایە بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، شەپۆلێكی بارانبارین تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت، مەترسیش دەكرێت بارانبارینی بەخوڕ ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو، بەتایبەتی لە دۆڵ و ناوچە نزمەكان.

وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی هەرێم، لە پەیامێكیشدا داوای لە هاووڵاتیان كردووە لە هەر ناوچەیەك پێویستییان بە فریاگوزاری بوو، پەیوەندی بە ژمارە (115)ـەوە بكەن بۆ ئەوەی تیمی فریاگوزارییان بۆ بنێردرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن