راچڵەكین -
بەهۆی ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی چڕی بارانبارین، هاتووچۆی سلێمانی لە پەیامێكدا داوا لە شۆفێران دەكات پابەندی ڕێنماییە سەلامەتییەكانی هاتووچۆ بن و نەچنە ئەو جێگایانەی ئەگەری كۆبوونەوەی باراناوی تێدا دەبێت و بەهیچ جۆرێك خۆیان نەخەنە دۆخێكی مەترسیدار، راشیدەگەیەنێت: سەرجەم مەفرەزە و ئالیەتەكانی هاتووچۆ لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەركێك كە لەكاتی پێویستدا پێیان بسپێردرێت.
ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، بەرچاوڕوونییەكی بۆ شۆفێرانی شاری سلێمانی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، وەك ئاگادارن بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی شەپۆلێكی چڕی بارانبارین ڕووی لە شارەكەمان كردووە و ئەگەری دابارین بەشێوەی لێزمە و بەخوڕ هەیە لە ماوەكانی داهاتوودا.
هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە كە ئامادەكاری تەواویان كردووە لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و شۆفێرانی شارەكەمان، سەرجەم مەفرەزە و ئالیەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەركێك كە لەكاتی پێویستدا پێیان بسپێردرێت.
ئەوەشی روونكردووەتەوە كە بەشی راگەیاندن و هۆشیاری و ڕادیۆی ترافیك FM بەردەوام لە ئەركدا دەبن و لەهەر حاڵەتێكی لەناكاو ئاگاداری بڵاودەكەنەوە بۆئەوەی شۆفێران بەدووربن لەهەر مەترسییەك ئەگەر بوونی هەبوو لە شەقام و ڕێگاكانی دەرەوەی شار.
لە بەشێكی دیكەی بەرچاوڕوونییەكەی هاتووچۆی سلێمانیدا هاتووە، "لەڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ سەلامەتی هاوڵاتییان، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەكەین بەهاتنی ئەو شەپۆلە لە بارانبارین، پابەندی ڕێنماییە سەلامەتییەكانی هاتووچۆ بن و نەچنە ئەو جێگایانەی ئەگەری كۆبوونەوەی باراناوی تێدا دەبێت و بەهیچ جۆرێك خۆیان نەخەنە دۆخێكی مەترسیدار و لەكاتی حاڵەتی پێویست دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە خێراكان بكەن":
كۆنترۆڵی هاتووچۆی سلێمانی ۱۸۸
بەرگری شارستانی ۱۱٥
تەندروستی ۱۲۲
پۆلیس ۱٠٤
ئاسایش ۱٠٦