راچڵەكین -
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی لافاوەكەی ئەمڕۆی قەزای چەمچەماڵ كە گیانلەدەستدانی دوو كەسی لێكەوتەوە، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم راسپێردراون بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هەموو هەوڵێك بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان بدەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا هاوخەمیی خۆی بە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەوە، دەربڕی و پرسە و سەرەخۆشیی ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری قوربانییەكان كرد و رایگەیاند: لەم دۆخە نەخوازراوەدا، پشتیوانیی تەواومان بۆ خەڵكی خۆشەویستی چەمچەماڵ و زیانلێكەوتووانی لافاوەكە دووپات دەكەینەوە.
سەرۆكی هەرێم وتیشی:" لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاسپێردراون كە بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هەموو هەوڵێك بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان و پێشكەشكردنی هاوكاریی پێویست، بدەن".