مەكتەبی سیاسی یەكێتی راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 593

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی لافاوەكەی هەردوو قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی لەیلان، راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوەو داوا دەكات هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حكومەتی هەرێم، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و دەزگا رەسمییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی لە دابینكردنی ئامێر و كەرەستەكانی پێویست بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زوویی كۆنترۆڵی زیانەكان بكرێن.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوێك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە

بەداخەوە كە ئەمڕۆ لەم شەپۆلی بارانبارین و لافاوەی شارەكانی كوردستانی گرتووەتەوە، زیانێكی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان و چەندین شوێنی گشتی كەوتووە، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێم و سنووری لەیلان لە كەركوك گەیشتە گیان لەدەستدان و خنكان.

وێڕای ئاڕاستەكردنی ماتەم و پەژارەی خۆمان بۆ كەسوكاری كۆستكەوتووان، دەستخۆشی لە تیمەكانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەین كە هیممەت بۆ چارەسەری لێكەوتەكانی لافاوەكە دەكەن، بە پەرۆشەوە داواكارین هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حكومەتی هەرێم، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و دەزگا رەسمییەكانی حكومەتی فیدڕاڵی لە دابینكردنی ئامێر و كەرەستەكانی پێویست بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زوویی كۆنترۆڵی زیانەكان بكرێن، بەتایبەتی كە ئەم شەپۆلە ماوەیەك بەردەوام دەبێت و پێویستی بە كۆششی دەستەجەمعی و فریاگوزاری دەستبەجێ هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن