وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەك پۆست لە زانكۆی سۆران رادەگەیەنێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 21

راچڵەكین -

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەشت پۆست لە زانكۆی سۆران رادەگەیەنێت و داواش دەكات هەر كەسێك ئارەزووی هەیە و مەرجەكانی تێدا بەرجەستەیە، (C.V) و داواكارییەكەی پێشكەش بكات، تا ناوی لە لیستی خوازیاراندا تۆمار بكرێت.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 14-12-2025، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، راگەیاندنی ئەو هەشت پۆستەی زانكۆی سۆران، لە چوارچێوەی رێنماییەكاندایە، كە بریتین لە سێ پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ و پێنج پۆستی راگری فاكەڵتی.

پۆستەكان:
١- یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی.

٢- یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی.

٣- یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان.

٤- ڕاگری فاكەڵتی زانست.

٥- ڕاگری فاكەڵتی ئەندازیاری.

٦- ڕاگری فاكەڵتی پەروەردە.

٧- ڕاگری فاكەڵتی یاساو زانستە سیاسیەكان و بەڕێوەبردن.

٨- ڕاگری فاكەڵتی ئاداب.

مەرجەكان:
- هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت.

- نازناوی زانستی لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت.

- خزمەتی زانكۆیی لە دە ساڵ كەمتر نەبێت.

تێبینییەكان:
• ئەو بەڕێزەی داواكاری پێشكەش دەكات باشترە دیدو بۆچون و بەرنامەی كاری خۆی پێشكەش بكات بۆ بەرەو پێشبردنی زانكۆ بۆ ئەو چوار ساڵەی كە پۆستەكەی وەردەگرێت.

• زانینی زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای بواری خوێندن و فێركردن و كارایی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلی زیاتر بۆ پێشكەشكار دەڕەخسێنیت.

• پێویستە خوازیار (C.V) و پوختەی ڕاژە و یەكەمین فەرمانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی و لیستی ناو و ناونیشانی توێژینەوە زانستیە بڵاوكراوەكانی و كارتی نیشتیمانی یاخود ناسنامەی باری شارستانی پێشكەش بكات.

• پێویستە پوختەی ڕاژەی لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆ پەسندكرابێت.

• پێویستە پێشكەشكار تەنها داواكاری بۆ یەك پۆست پێشكەش بكات.

• هەر كەسێك ئارەزووی هەیەو مەرجەكانی سەرەوەی تێدا بەدی دەكرێت دەتوانێ (C.V) و پوختەی ڕاژەی ڕاستەوخۆ لە ئەمڕۆوە یەكشەممە رێكەوتی (2025/12/14) تاوەكو (2025/12/24) لەم بەستەرە پڕبكاتەوەو ڕەوانەی بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن