وەزارەتی تەندروستی ئامادەكارییەكانی بۆ رۆژانی پشووی سەری ساڵ رادەگەیەنێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 149

راچڵەكین -

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كورستان، ئامادەكارییەكانی بۆ رۆژانی پشووی سەری ساڵ رادەگەیەنێت و نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەكانیش رادەسپێرێت بۆ دانانی دەوامی ئێشكگری.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا چەند خاڵێكی بڵاوكردووەتەوە كە لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان دێت بۆ كاركردنی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان لە رۆژانی پشووی سەری ساڵ.

1. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و نەخۆشخانەكان.

2. بۆ هەركارێكی پێویست و لەناكاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

3. لەكاتی پێویستدا كۆگاكانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگەیی كراوە بن لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان.

4. پابەندبوونی پزیشكانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و كارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشكگری.

5. هاتنەژوورەوەی راگەیاندن تەنها لە ڕێگای هەماهەنگی بەشی راگەیاندنی هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان دەبێت.

6. ئاماری رۆژانە دەبێت لەماوەی (٢٤) كاتژمێر لەڕێگای پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨) ی بەیانی تاكوو (٨) بەیانی رۆژی دواتر ڕەوانە بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان.

7. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەكان ڕەوانە بكرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان.

8. ئامادەباشیی بۆ ئەمبوڵانس و دابینكردنی گاز و بەنزین بكرێت.

9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەكانی خاوێنكردنەوە و دابینكردنی خۆراك بكرێت.

10. هێڵەكانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەكان كراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.

11. نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و نۆرینگە دەرەكییەكان كراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەكان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بكرێت.

12. سەنتەرەكانی پێدانی چارەسەری كیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشكگری كراوە بێت.

13. بانكی خوێن و خزمەتگوزاری دابینكردنی خوێن پێویستە بەشێوەی ئێشكگری كراوە بێت.

14. سەنتەرەكانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشكگری كراوە بێت.

15. تیمەكانی فریاگوزاری و هێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرك و كارەكانیان بە شێوەی (٢٤) كاتژمێری وە هۆبەی پزیشكی فریاكەوتن خشتەی دابینكردنی تیمەكانی دادەنێت بۆ شوێنەكانی پێویست و گەشتیاری.

16. تیمەكانی (پشكنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەكان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەكانیان بەشێوەی ئێشكگری.

17. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەكان لە كەمپەكان بەردەوام دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن