راچڵەكین-
ڕووبەری خۆپیشاندانەكانی ئێران بەتایبەت لە لوڕستان فراوانتر دەبێت و بەهۆیەوە تائێستا حەوت كەس كوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارە فەرمی و نافەرمیانەی بڵاوكرانەتەوە، شەوی ڕابردوو لە شاری ئەزنای پارێزگای لوڕستان سێ كەس بەتەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژران و ژمارەیەكی تریش برینداربوون. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاكەش دەڵێت، ئەو كەسانە هێرشیانكردووەتە سەر بنكەیەكی پۆلیس.
رۆژی چوارشەممەش، ئەندامێكی بەسیج بەناوی ئەمیر حوسام لەگرژی و ئاڵۆزییەكانی پارێزگای لوڕستان كوژرا، جگە لەوە باس لەوە دەكرێت لەئەسفەهان و پارێزگای فارس سێ خۆپیشاندەری تر بەتەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون.
بەهۆی گرانی نرخی شمەك و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، لەئێوارەی رۆژی یەكشەممە 28ی كانوونی یەكەمی 2025 خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە تاران-ی پایتەختی ئێرانەوە سەریانهەڵداو هەرزوو پارێزگاكانی كرماشان، لوڕستان قوم، خوزستان، فارس، ئەسفەهان، هەمەدان، لوڕستان و ئیلام و چەند ناوچەیەكی تری گرتەوە.
هەر ئەوەش وایكرد، حكومەتی ئێران پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەو وڵاتە بگۆڕێت، هاوكات مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاندووە:" حكومەت هەست بەو فشارانە دەكات كەلەسەر هاوڵاتیانەو دۆخی ژیانیانی سەخت كردووە، هەربۆیە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ كراوە، گوێ لەداواكاری هاوڵاتیان بگرێت."