راچڵەكین -
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا فڕۆكەخانەیەكی وڵاتەكەیان بەڕووی هاتن و چوونی فڕۆكە داخست دوای ئەوەی چەند درۆنێكیان لە كایەی ئاسمانیی فڕۆكەخانەكە بەدیكرد.
میدیاكانی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە، هێزەكانی ئەو وڵاتە لەدوای بەدیكردنی جموجۆڵی چەند درۆنێك لەسەر كایەی ئاسمانیی شاری هانۆڤەر، فڕۆكەخانەی شارەكەیان داخست و هەموو جۆرە جموجۆڵێكی فڕۆكە نەفەرهەڵگرەكانیشی بۆ ئەو فڕۆكەخانەیە قەدەغە كرد.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، سەرەتا درۆنێك لە بەرزایی 80 مەتر لەنزیك فڕۆكەخانەی هانۆڤەر فڕیوە، دوای كەمتر لە یەك كاتژمێر دوو درۆنێكی دیكە لە فڕۆكەخانەكە نزیكبوونەتەوە، بەو هۆیەشەوە كایەی ئاسمانیی فڕۆكەخانەكە داخرا وەك رێكارێكی خۆپارێزیی.
تائێستاش بە فەرمی هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەو سێ درۆنە ئاشكرا نەكراوە كە بەسەر ئاسمانی شاری هانۆڤەردا فڕیون و نازانرێت درۆنەكان هی چ وڵاتێكن.