رووسیا چەندین ناوچەی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 324

راچڵەكین -

سوپای رووسیا زەبرێكی گەورە لە هێزەكانی ئۆكراینا دەوەشێنێت و لەماوەی هەفتەیكیشدا 9 شار و شارۆچكەی دیكە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، وەزارەتی بەرگریی رووسیاش ئاشكرادەكات، زیاتر لە 10 هەزار و 470 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگ كوژراون.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 2-1-2026 بڵاویكردەوە، ئاماری هەفتەی رابردووی بەرەكانی جەنگی ئاشكراكرد و رایگەیاند: لەماوەی هەفتەی رابردوودا هێزەكانیان لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ لە پێشڕەویی بەردەوامدابوون و توانییان 9 شار و شارۆچكەی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن و كۆی زیانە گیانییەكانی سوپای ئۆكرایناش گەیشتە زیاتر لە 10 هەزار و 470 سەرباز، جگە لە كوژرانی سەدان چەكداری بەكرێگیراوی بیانی، كە لە پاڵ هێزەكانی ئۆكراینا شەڕ دەكەن، تەرمی زۆربەی كوژراوەكانیش لە بەرەكانی جەنگ بەجێماون.

وەزارەت بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەكردووە، هاوكات لەگەڵ پێشڕەویی هێزەكانیان لە بەرەكانی جەنگ، چەندین هێرشی درۆن و مووشەكیشیان كردووەتە سەر ژێرخانی وزو پیشەسازی سەربازیی ئۆكراینا و دەیان پێگەی گرنگیان خاپوور كردووە و زیاتر لە هەزار و 660 درۆنیشیان خستووەتە خوارەوە.

پێشڕەوییەكانی سوپای رووسیا لەكاتێكدایە ئیدارەی ئەمریكا گوشارەكانی بۆسەر دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا چڕكردووەتەوە بۆ قبوڵكردنی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كۆتایی هێنان بە جەنگ و واژۆكردنی رێككەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ رووسیا، كە تائێستا سەرۆكی ئۆكراینا رەزامەندی كۆتایی لەسەر پلانەكە نەداوەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەستبەرداری ئەو ناوچانەی وڵاتەكەی نابێت كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی رووسیادایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن