نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی بۆ بەشی مۆڵەتی هاتوچۆ كارا دەكرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 232

راچڵەكین -

هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ‏‎لەپێناو كەمكردنەوەی لۆدو قەرەباڵغی و ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتییان بەشێوەیەكی سەردەمییانە، بڕباریدا نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت كارا بكات.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ‏‎بەئامانجی كەمكردنەوەی لۆدو قەرەباڵغی و ڕاییكردنی مامەڵەی هاوڵاتییان بەشێوەیەكی سەردەمییانەو ئاسان، لە هەنگاوێكی نوێدا سەردانكردنی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتییەكە دەكات بەشێوەی نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، كەسی سەردانیكەر رۆژانی شەممە سەردانی ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی دەكات و رۆژێك لەو هەفتەیەی دادێت هەڵدەبژێرێت و خۆی تۆمار دەكات بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكەی.

هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، هەنگاوەكان بەشێوەیەكی پراكتیكی و تیۆری دانراون لە ماڵپەڕەكەدا، ئەم كارە دەبێتە هۆی كارئاسانی بۆ ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت سەردانی بەشی مۆڵەت بكەن بەمەرجێك دڵنیابێتەوە لەو رۆژەی كە نۆرەی تیادا گرتووە لەو رۆژەدا سەردان بكات، سیستەمەكە بە شێوەیەك بەرنامەڕێژی بۆكراوە كە تەنها ئەو كەسەی نۆرەكە دەگرێت دەتوانێت سەردان بكات، لەبەرئەوەی لە سیستەمەكەدا تایبەتمەندی ناسینەوەی كەسی هەیە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە سیستەمی نۆرەگرتن هەفتانە یەك جار لە رۆژی شەممان لەكاتژمێر حەوتی ئێوارە چالاك دەبێ و  ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا بەشێوەیەكی ئەزموونی كاری لەسەر دەكرێت و لە هەر گۆڕانكارییەك لە ڕێگەی ماڵپەڕو سۆشیال میدیا فەرمییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادار دەكرێن.

‏‎چۆنیەتی نۆرەگرتن و هەنگاوەكان:

1. ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی دەكەیتەوە.

2. كلیك لە بەشی نۆرەگرتنی بەشی مۆڵەت دەكەیت.

3. بەشی یەكەم ناوی سیانی پێویستە بە ڕێنووسی كوردی بنووسرێت، ژمارەی تەلەفوون، لەبەشی وێنەی كەسی وێنەیەكی رووبەڕووی كەسی سەردانیكەر دەگیرێت. 

4. بەشی دووەم دیاریكردنی ئەو رۆژەی ئەتەوێت سەردان بكەیت.

5. داواكاری پێشكەش دەكەیت و دواتر فۆرمێكت پێ دەدرێت دەتوانیت وێنەی شاشەكە بگریت (سكرین شووت) یان دەتوانیت پرنتی بكەیت.

6. وێنەی كەسی و كیوئاركۆدی تایبەت بەداواكاری كەسەكە پێویستە لەسەر فۆرمەكە هەبێت، لەكاتی سەردانیكردن لە ڕێگەی ئامێری خوێنەرەوە داتاو زانیاری كەسەكە پشت ڕاست دەكرێتەوە و دواتر هاوڵاتییەكە دەتوانێت سەردانی بەشی مۆڵەت بكات بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكەی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن