راچڵەكین -
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك رادەگەیەنێت كە لە دەربەندیخان ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەكی دزیبوو، ئۆتۆمبێلەكەش بە وەرگەڕاوی دەدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2-1-2026، كەسێك كە نەخۆشی دەروونی هەیە، لەناو قەزای دەربەندیخان ئۆتۆمبێلی كاسبكارێكی بەقاڵی رفاند كە لەجۆری پیكاب - نیسان بوو، دەستبەجێ مەفرەزەكانی هەردوو بنكەی پۆلیسی دەربەندیخان و زەڕایەن، رێكاری یاساییان گرتەبەر و لێكۆڵینەوەو گەڕانیان دەستپێكرد بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە.
هێزەكانی پۆلیس زانیارییان دەستكەوت كە ئۆتۆمبێلەكە لە نزیك گوندی میرەدێ وەرگەڕاوەو زیانی ماددی پێگەیشتووە، توانیان تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بگرن.
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكردووە، نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەربەندیخان پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ دۆسیەكە ڕێكخستووە و بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای دەربەندیخان و بەپێی ماددەی (446) لەیاسای سزادانی عیراقی، تۆمەتبار بەناوی (د، خ، ف) لەدایكبووی ساڵی (2003) ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكە بەردەوامە.
