ماوەی هەفتەیەکە
خۆپیشاندان لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی ئێران دژی بارودۆخی ئابووری وڵاتەکە بەردەوامە
و بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، شەوی رابردوو بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران لەسەر
شەقامەکان رۆژیان کردووەتەوە.
لە چەند شوێنێک
خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدان و
بریندار بوونی چەند کەسێک، سەرباری ئەوانەش، لێدوانێکی سەرۆکی ئەمریکا زیاتر
سەرنجی میدیا جیهانییەکانی بەلای خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەڕەشە ئەگەرییەکانی
ناوچەکەدا راکێشا و کاریگەری خستە سەر هەڵوێستی تاران سەبارەت بە خۆپیشاندەرانی
سەر شەقام.
دوێنێ هەینی دۆناڵد
ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکیدا ئاشکرایکرد: ئەگەر حکومەتی ئێران پەنا بۆ کوشتنی
خۆپیشاندەران ببات ئەوا واشنتۆن بێدەنگ نابێت.
پەیامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا
دەسەڵاتدارانی ئێرانی توڕەکرد و هەر زوو عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای
ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە وتی: هەڵوێستەکانی بەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەبیب پشتی
پەردەی رووداوەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەمانی روونکردەوە.
لە هەڕەشەیەکی روون و ئاشکراشدا،
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند: لە ئەگەری هەر هێرشێکی دوژمنکاریدا،
تەواوی بنکە و هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێتە ئامانج.
سەعید مونتەزر مەهدی وتەبێژی
فەرماندەیی ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش ئاماژەی بەوەکرد: ئەفسەرانی پۆلیس رێگە بەو رووداوانە
نادەن کە دوژمنان مەبەستیانە و دەیانەوێت لە رێگەیەوە خۆپیشاندانی مەدەنی بۆ ئاژاوەگێڕی
بەکاربهێنن.
لەلایەکی دیکەوە
داواکاری گشتی ناوچەی لوڕستان کە چەند رۆژێک پێش ئێستا پێکدادانی توند لەنێوان هێزە
ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران تیایدا روویدا وتی: بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئاژاوەگێڕان
دەکرێت.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە،
کە پەیوەندی نێوان تاران و تەلئەبیب گەیشتووەتە خراپترین ئاستی خۆی لەدوای شەڕی 12
رۆژەوە و سەرچاوە جیهانییەکان جەخت لەوەدەکەەنەوە، کە دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان
ئەو دوو وڵاتە زیاتر لە هەر کاتێک نزیکە لە روودان.
هەفتەی رابردوو بنیامین
ناتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی کۆشکی سپی کرد و بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمز، ئامانجی
سەردانەکەی ناتانیاهو هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی واشنتۆن سەبارەت بە
هێرشکردنە سەر دامەزراوە مووشەکییەکانی ئێران.