راچڵەکین-
ماوەی چەند رۆژێکە هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا
هێرشەکانیان بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەستپێکردووە
و لە بەرامبەردا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرگرییەکی چڕ دەکەن.
لە ماوەی شەڕەکەدا تاوەکو ئێستا ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی
مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون بەدەر لەو قوربانییانەی کە چەکدار بوون،
هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی گەڕەکەکان ئاوارە بوون و هێشتا هیچ ئامارێکی
فەرمییش سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان بڵاونەکراوەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە
راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ئامادەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی شێخ
مەقسود و ئەشرەفییە بکشێننەوە بەو مەرجەی پاراستنی خۆجێی دابینبکرێت.
چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا سوپای حکومەتە کاتییەکەی سوریا
بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانیان چوونەتە ناو هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەوە، بەڵام
هەرزوو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەو دەنگۆیەیان رەتکردەوە و دووپاتیانکردەوە کە
هێشتا شەڕ بەردەوامە.
لە دوایین پێشهاتدا میدیاکانی نزیک لە هێزەکانی ئاسایشی
ناوخۆ باس لەوەدەکەن، بەشێک لە ئەندامانی هێزەکانیان دەستیانکردووە بە "گیان
فیدایی" و دەنگۆی ئەوە هەیە، گەنجێک بە ناوی دلبرین خۆی بە هێزەکانی حکومەتی
سوریادا تەقاندووەتەوە.
دوێنێ هەینی، ژمارەیەک لە هاوڵاتییان و چالاکوانان لە
شاری هەولێر گردبوونەوەیەکیان دژی هێرشەکانی هێزەکانی سوریا بۆ سەر گەڕەکە
کوردنشینەکانی حەلەب ئەنجامدا و ئەمڕۆ شەممەش، لە سلێمانی خۆپیشاندان بۆ هەمان
مەبەست بەڕێوەچوو.
بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی
شەڕ و توندوتیژییەکانیان کردووە و داوای راگەیاندنی ئاگربەستیان کردووە، هەروەها
بەشێک لە وڵاتانی جیهانیش هەمان هەڵوێستیان هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک
هەنگاوی کردەیی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە.