راچڵەكین-
رۆژنامەی ( تایمز ئۆف ئیسرائیل) بڵاویكردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل پلانی داڕشتووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی نوێی سەربازی لەكەرتی غەززە.
رۆژنامەكە لەزاری بەرپرسێكی ئیسرائیلی كە ناوی نەهێناوە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو پلانەی ئامادەكراوە، بڕیارە لەمانگی ئادار بچێتە بواری جێبەجێكردن و ئامانج لێی فراوانكردنی ئەو ناوچەیەیە لەكەرتی غەززە كە لەئێستادا لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایەو " هێڵی زەرد" تێدەپەرێنێت.
دبلۆماتكارێكی عەرەبیش بە رۆژنامە ئیسرائیلییەكەی ڕاگەیاندووە، تەلئەبیب بەبێ ڕەزامەندی ئەمریكا ناتوانێت ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییە لەكەرتی غەززە دەستپێبكات.
بەووتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، بنیامین ناتانیاهۆ-ی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل متمانەی بەو ئاگربەستە نییە كەلەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیەندراوە، هەربۆیە ڕێنمایی بۆ سوپای وڵاتەكەی دەركردووە كە پلانی دۆخی لەناكاوو دابنێن.
لە 9ی تشرینی یەكەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری میسر، قەتەر، ئەمریكا و توركیا ڕێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پلانی ئاشتی كە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە پێشنیاركرا.
ڕۆژی دواتر ئاگربەست لە كەرتی غەززە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، هێزەكانی ئیسرائیل بەپێی ڕێككەوتنەكە كشانەوە بۆ ئەو ناوچەیەی پێی دەوترێت "هێڵی زەرد"، لەگەڵ پارێزگاریكردن لە زیاتر لە 50% ئەو ناوچانەی كەرتتی غەزە كەلەژێر كۆنترۆڵیاندابوو.