راچڵەكین -
كۆریای باكوور ناڕەزایی توند بەرامبەر بەزاندنی كایەی ئاسمانیی وڵاتەكەی لەلایەن درۆنێكی كۆریای باشوور دەردەبڕێت و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی توند دەكات ئەگەر رووداوی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوە.
میدیای فەرمیی كۆریای باكوور لەسەر زاری وتەبێژی سوپاسالاری ئەو وڵاتەوە بڵاویكردەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا درۆنێكی كۆریای باشوور، كایەی ئاسمانی كۆریای باكووری بەزاند، ئەم كارەش قبوڵكراو نییە و پێچەوانەی بانگەشەكانی حكومەتی سیئۆلە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەردوو وڵات لەڕێی دیالۆگەوە.
وتەبێژەكەی سوپاسالاری كۆریای باكوور هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی لە كۆریای باشوور كرد ئەگەر كارێكی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوەو وت:" حكومەتی سیئۆل لەئەگەری بەردەوامبوون لەسەر شەڕپێفرۆشتنمان، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بكات كە باجێكی زۆر گەورە دەدات و لەسەر بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەكەمان بێدەنگ نابین و وەڵامی توندمان دەبێت".
بەگوێرەی میدیاكانی كۆریای باكوور، سوپای ئەو وڵاتە درۆنێكیان خستووەتە خوارەوە كە لە كۆریای باشوورەوە ئاڕاستە كرابوو، درۆنەكە ئامێری چاودێریی لێ بەسترابوو كە توانای وێنەگرتنی هەیە و ماوەی سێ كاتژمێر لە ئاسمانی وڵاتەكەیاندا سووڕابووەوە.
تائێستاش كۆریای باشوور هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی رووداوەكە نەداوە و خاوەندارییەتیشی لە درۆنەكە نەكردووە.