راچڵەكین-
سەرۆكی ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەكات، چەكدارانی سەر بەسوپای عەرەبی سوری لەگەڕەكە كوردییەكانی حەلەب، تەرمی قوربانییەكان سووتاندووە و دەڵێت:" تاوانی گەورە بەرامبەر بە كورد لە حەلەب ئەنجامدراوە."
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە:" ڤیدیۆی تۆماركراومان لایە، چەكدارانی سوپای سووریا تەرمی قوربانییەكان، دەسووتێنن و گەنج و منداڵ دەستگیر دەكەن و ئەشكەنجەیان دەدەن و دواتر خۆشحاڵی خۆیان بە ئاهەنگ گێڕان دەردەبڕن."
" ئەوەی لەشێخ مەقسودو ئەشرەفییە ئەنجامدراوە تاوانە، تەحەدای دیمەشق دەكەم با بێتو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی پێكبهێنێـت بۆ ئاشكراكردنی ڕاستییەكان و ئەو بانگەشانەی كە دەیكەن، گوایا هەسەدە ناوچە مەدەنییەكانیان كردووەتە ئامانج و هاوڵاتی مەدەنیان لەحەلەب كوشتووە." رامی عەبدولڕەحمان وا دەڵێت.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری دەڵێت:" ئەو هێزەی لەگەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشەرەفییە بوون، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بوون نەك هەسەدە، لانی كەم دەیان ئەندامی هێزەكانی ئاسایش كوژراون و لەلایەن چەكدارانی سەر بە سوپای عەرەبی سوریا تەرمەكانیان سووتێنراوە، یەكێك لەو كوژراوانەش دڵی دەرهێنراوە."