ئەوروپا هێزی سەربازیی زیاتر رەوانەی دورگەی گرینلاند دەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 133

راچڵەكین -

وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا بە دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند، وڵاتانی ئەرووپا بە سەركردایەتی ئەڵمانیا و بەریتانیا پلانیان داناوە بۆ بەهێزكردنی بوونی سەربازییان لە دورگەكە و رەوانەكردنی هێزی زیاتر.

ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە، چەند وڵاتێكی ئەوروپا بە سەركردایەتی ئەڵمانیا و بەریتانیا، سەرقاڵی تاوتوێكردنی پلانێكن بۆ بەهێزكردنی پێگەی سەربازییان لە دورگەی گرینلاند، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە دەستبەسەرداگرتنی دورگەكە بەبیانووی لاوازیی بوونی سەربازیی لەو دورگەیەی كە دەكەوێتە باكووری گۆی زەوی.

ئاژانسەكە لەچەند سەرچاوەیەكی ئەوروپا ئاشكرایكردووە، ئەڵمانیا پێشنیازێكی ئامادەكردووە بۆ پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی سەر بە ناتۆ بۆ پاراستنی ناوچەی جەمسەری باكوور بەناوی (پاسەوانی جەمسەری باكوور)، ئەم هەنگاوەش خواستی ئەوروپا نیشاندەدات بۆ مكوڕبوونی لەسەر پارێزگاریكردن لە ئاسایشی جەمسەری باكوور و خەفەكردنی هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ دەستبەسەرداگرتنی دورگەی گرینلاند.

بلۆمبێرگ باسی لەوەشكردووە، كییەر ستارمەر، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا داوای لە وڵاتە هاوپەیمانەكانی كردووە، بوونی سەربازییان لە جەمسەری باكوور بەهێزتر بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی فەرەنسا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدایە.

ئەم هەنگاوەی ئەوروپا لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا چەند جارێك هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی دورگەی گرینلاندی كردووە بەبیانووی مەترسی دورگەكە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی، ترەمپ رایگەیاندبوو جموجۆڵەكانی رووسیا و چین لەناوچەی جەمسەری باكوور زۆر زیادیكردووە، ئەگەر ئێمە دەستبەسەر گرینلاندا نەگرین، ئەوا ئەو دوو وڵاتە دەستی بەسەردا دەگرن. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن