راچڵەكین-
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەو جۆرە شیرە قوتووە دەكەن كە منداڵانی جیهانی تووشی ژەهراویبوونی تووند كرد و لە هەرێمی كوردستانیش ئەو حاڵەتەكە بینرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی كانوونی دووەمی 2026 كاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"بنكۆڵكاریی ورد لەبارەی كواڵیتیی ئەو شیرە قوتووە دەكەین كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەندین وڵاتی جیهان فرۆشتنی قەدەخەكرا و كۆمپانیاكە هەموو بەرهەمەكانی خۆی كشاندەوە." وەك ڕووداو بڵاویكردووەتەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆمپانیای Nestle (نێستڵ) كە ناسراوە بە نەستەلە و كۆمپانیایەكی سویسرییە رایگەیاند، شیری وشكی NINHO و NAN كە بەرهەمی ئەو كۆمپانیایەن لە بازاڕ كشاندووەتەوە، چونكە پیسبووە بە بەكتریا، ئەمەش سكچوون و رشانەوەی تووند لە منداڵاندا دروستدەكات.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكان لەهەرێمی كوردستانیش ئەو جۆرە نوێیەی شیری قوتوو هەیەو، دوای بەكارهێنانی ژمارەیەك منداڵ تووشی سكچوونی خوێناوی كردووە، هاوكات لەژمارەیەك وڵاتی وەك بەریتانیا، سعودیە، سەنگاپوور، تاجیكستان و میسر، شیركە لەپشكنین دەرنەچووەو دەركەوتووە كەژەهراوی بووە بە بەكتریایەك.