راچڵەكین-
چالاكوانانی میسری، ناسنامەی ئەو چەكدارەی سەر بە سوپای سوریای عەرەبیان ئاشكراكرد كەلەكاتی هەڵدانە خوارەوەی تەرمی كچە شەڕڤانێك لەیەكێك لەباڵەخانەكانی شێخ مەقسود، هوتافی " الله اكبر" دەڵێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانە بێت كە ئەو چالاكوانانەی میسر بڵاویانكردووەتەوە، ئەو چەكدارە بەڕەگەز میسرییەو ناوی ئەحمەد حەماد مەنسورە، لەدایكبووی ئەسكەندەریەیەو خەڵكی پارێزگای سۆهاجە. پێش پەیوەندی كردنی بە دەستە تەحریر شام لەپەیمانگای ئەزهەر خوێندوویەتی.
ئەحمەد حەماد مەنسور
ئەو چەكدارە میسرییە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەی خۆیەوە بە تاوانی پەیوەست بە تیرۆر داواكراوەو ماوەی چەند ساڵێكە هەڵاتووەو لەسوریا دەژی، لەماوەكانی ڕابردووشدا لەچەندین تۆماری ڤیدیۆییدا دەركەوتووە كە هەڕەشە لەمیسر دەكات.
هەرچەندە تائێستا ناسنامەی ئەو كچە شەڕڤانە ئاشكرا نەكراوە كە لەلایەن چەكدارانی سەر بەسوپای عەرەبیی سوری لەیەكێك لەباڵەخانەكانی شێخ مەقسود بەشێوەیەكی " نامرۆڤانە" هەڵدرایە خوارەوە، بەڵام بە ووتەی چەند سەرچاوەیەك لەنێو ئەو چەكدارانە، كچە شەڕڤانەكە بۆماوەیەك بەتەنها بەچەكی نیشانشكێن، ڕووبەڕوویان بووەتەوەو ژمارەیەكی لێ كوشتون و برینداركردوون.