دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: مەلا مەزهەر ژن وەك خزمەتكارێك وێنا دەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 286

راچڵەكین-

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی لێدوانەكانی لەسەر ژنان، مەلا (مەزهەر تاهیر) ناسراو بە مەلا مەزهەر ڕووبەڕووی یاسا دەكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ی كانوونی دووەمی 2026 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" بەداخەوە مامۆستایەكی ئایینی لە شاری هەولێر، بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە كەناڵێكی میدیایی لێدوانێكی بڵاوكردووەتەوە و بێڕێزییەكی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەكات. ناوبراو لە ڕوانگەیەكی تەسكەوە ڕۆڵی ئافرەتی كەم كردووەتەوە لە ماڵەوە و وەك خزمەتكارێك وێنای كردووە كە ئەركەكەی تەنها لە ماڵەوەیە."

"ئەو وتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئایینەكانە، وپێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و شكۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە ئەو كەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو ڕووبەڕووی یاسا دەكاتەوە لەبەر ئەوەی وتەكانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی ١٤ی دستوری عێراقە كەئەم ماددەیە بەڕوونی باس لە ئەوە دەكات كە یەكسانی هەیە لەبەینی ژن و پیاو." دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وا دەڵێت.

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایان ڕێكاری پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو كەسانەی پێشێلكاری بەرامبەر خەڵك دەكەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەكانەوە. بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەكەین، بە ڕێزەوەش ڕۆڵی ژنان سەیر دەكەین و بەرز دەنرخێنین."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن