سوپای ئیسرائیل پێشڕەویی زیاتر لەناو خاكی سووریا دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 137

راچڵەكین -

سوپای ئیسرائیل لە پێشڕەوییەكانی بۆناو خاكی سووریا بەردەوامە و هێزێكی دیكەی ئەو وڵاتە لەچەند گوندێكی باشووری قونەیتەڕە جێگیركران.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-1-2026، یەكەیەكی هێزەكانی سوپای ئیسرائیل كە لەچەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی پێكهاتبوو، گەیشتە ناو گوندی روەیحینە و چەند گوندێكی دەوربەری لە گوندەوارەكانی پارێزگای قونەیتەڕە لە باشووری سووریا.

هێزەكەی ئیسرائیل كە چەندین شۆفڵ و بلدۆزەری لەگەڵ بوو، دوای گەیشتنی بەو ناوچانە، بازگەیان دانا و هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە گوندەكانی ناوچەكە ئەنجامدا، هاوكات دەستیشیان كر بە دروستكردنی رێگایەكی سەربازی بەمەبەستی ئاسانكاریی لە هاتووچۆكردنی هێزەكانیان.

سوپای ئیسرائیل كە تائێستا رووبەرێكی فراوانی لە باشووری سووریا كۆنترۆڵكردووە و ژمارەیەك سەربازگەیشی تێدا دروستكردووە، هێزێكی زۆری سەربازیی لەو ناوچانە جێگیركردووە، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش چەندین جار دووپاتیان كردووەتەوە كە لەو ناوچانەی باشووری سووریا ناكشێنەوە.

تائێستاش دەسەڵاتدارانی سووریا هیچ هەڵوێستێكیان بەرامبەر جوجۆڵە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە باشووری وڵاتەكەیان نییە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن