راچڵەكین -
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا سەردانی عیراق دەكات و لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی، لەگەڵ ئەدمیراڵ براد كۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی سووریا كرا، بەتایبەتی ناوچەكانی دەوروبەری ئەو گرتوخانانەی كە تیرۆریستانی داعشی تێدا زیندانی كراوە و دووچاری هەڕەشەی بەردەوام بوونەتەوە كە مەترسی هەڵكوتانەسەریان و ئازادكردنی زیندانییەكان هەیە، ئەمەش هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی عیراق و ناوچەكە.
لە دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبونی پەیوەندییەكانی نێوان فەرماندە ئەمنی و سەربازییەكانی عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دابەشكردنی رۆڵەكان بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو و فەراهەمكردنی زەمینەی لۆجستی و كارگێڕی و هونەری بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكان بەشێوەیەكی هەماهەنگ و ئارام.
سودانی ستایشی رۆڵی براد كۆپەری كرد لە تەواوكردنی پێداویستییەكانی كۆتایی هێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رادەستكردنی بنكەی عەین ئەسەد بە هێزەكانی عیراق، هەروەها ستایشی ئەو پاڵپشتییەی كرد كە هاوپەیمانی نێ,دەوڵەتی بە عیراقی دەبەخشێت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش.
سەرۆكوەزیرانی عیراق راشیگەیاند: سەركردایەتی عیراق خوێندنەوەیەكی پێشوەختەی بۆ دۆخی ناوچەكە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی داناوە بۆ پاراستنی سنوورەكانی لەڕێگەی پتەوكردنی بە شێوازێك كە بۆ یەكەم جارە كاری پێدەكرێت.