تەپڵی جەنگ لێدەدرێت؟ ئەمریکا هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێتە ئاستی پێوانەیی

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 11

راچڵەکین- 

رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، جێگیرکردن و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە زۆرترین رێژە لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، واتا دواینجار کە ئەو رێژەیە بەدیکراوە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هاوکات دەستەی پەخشی ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە کە شیکردنەوەکانی وڵاتەکە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا بەوشێوە زۆرە لە ناوچەکەدا بەوشێوەیە دەبینن، کە رەنگە ببێتە سەکۆیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر ئێران بە مەبەستی رووخاندنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، یاخود وەک هەڕەشەیەکی سەربازی باوەڕپێکراو بە ئامانجی فشارخستنە سەر تاران بەکاردەهێنرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

هەر بەگوێرەی دەستی پەخشی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا هیچ هەماهەنگییەکی سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەنێوان واشنتۆن و تەلئەبیب بوونی نییە، هێشتا روون نییە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری چی دەدات.

هاوکات لەگەڵ ئەم راپۆرتانە، بەرپرسێکی ئێران بە رۆیتەرزی وتووە: تاران لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادایە و بۆ خراپترین سیناریۆکان ئامادەیە، لە ئەگەری روودانی هەر هێرشێکدا وەڵامێکی سەربازی بێوێنە دەدەینەوە و هەر هێرشێک وەک جەنگێکی گشتگیر لەلایەن تارانەوە سەیر دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، ئاماژەکان دەریدەخەن کە ئیسرائیل هێشتا بۆ دەرفەتێک دەگەڕێت تا هێرشبکاتە سەر ئێران و هۆشداری دا لەوەی هەنگاوێکی لەوشێوەیە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتری ناوچەکە، فیدان وتی: هیوادارم رێگەیەکی جیاواز بدۆزنەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بۆ سەر ئیران.

مینیۆن هیوستن جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، تەنها دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە لەسەر هەر کردەیەکی سەربازی بەرامبەر تاران و ستراتیژی ئێستای ئەمریکا جەخت لەسەر پشتگیریکردنی گەلی ئێران دەکاتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن