ئیسرائیل باڵیۆزخانە لە دیمەشق دەكاتەوە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 106

راچڵەكین -

بەنێوەندگیری ئەمریكا، بەم زووانە شاندی ئیسرائیل و سووریا جارێكی دیكە لە فەرەنسا كۆدەبنەوە بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوانیان، چاوەڕوانیش دەكرێت لەدوای گەیشتنە رێككەوتن، ئیسرائیل بە فەرمی باڵیۆزخانەی لە دیمەشق بكاتەوە.
  
بەگوێرەی هەواڵێكی كەناڵی (i24NEWS)ی ئیسرائیلی، بڕیارە بەم نزیكانە شاندی ئیسرائیل و سووریا بەنێوەندگیریی ئەمریكا، لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا كۆببنەوە، بە ئامانجی سەرخستنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوانیان.

كەناڵە ئیسرائیلییەكە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سووریاوە ئاشكرایكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا دانوستانەكان لەسەر ئەو پڕۆژە ستراتیژی و ئابورییە هاوبەشانەش دەكرێت كە بڕیارە لە ناوچە داماڵڕاوەكانی نێوان ئیسرائیل و سووریادا ئەنجامبدرێن.

سەرچاوە نزیكەكەی سەرۆكی سووریا ئاماژەی بەوەكردووە كە بە لەبەرچاوگرتنی پێشكەوتنە بەرچاوەكانی پەیوەستبوونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی، پێشبینی دەكرێت پێش كۆتایی ئەمساڵ، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل بە فەرمی لە دیمەشق بكرێتەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بكرێتەوە.

ئەم لێكنزیكبوونەوەیەی نێوان ئیسرائیل و سووریا بە نێوەندگیریی ئەمریكا، لەكاتێكدایە سوپای ئیسرائیل رووبەرێكی فراوانی لە باشووری سووریا كۆنترۆڵكردووە و هێزێكی زۆری تێدا جێگیركردووە و چەند بنكەیەكی سەربازیشی كردووەتەوە، بەرپرسانی بالای ئەو وڵاتەش چەندین جار رایانگەیاندووە كە بەهیچ جۆرێك پاشەكشە لە بستێكی ئەو ناوچانەی باشووری سووریا ناكەن كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانیاندایە، ئەمەش بەبیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەیان.

رۆژی 6ی ئەم مانگە،  شاندی دانوستانكاری ئیسرائیل و سووریا بە نێوەندگیریی ئەمریكا، لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا كۆبوونەوەو لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەكرد كە لێكتێگەیشتن لەنێوان تەلئەڤیڤ و دیمەشق كراوە لەبارەی میكانیزمی هەماهەنگی هاوبەش بۆ باشووری سوریا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن