وەزارەتی دارایی مووچەی ئەم فەرمانبەرانە رادەگرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 154

راچڵەكین -

وەزارەتی دارایی بڕیاریدا مووچەی سەرجەم ئەو فەرمانبەر  مووچەخۆرانە رابگرێت كە خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەكردووە یاخود كارتی بانكییان تەواو بووە و كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 27-1-2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی، لەكۆبوونەوەیەكدا تیشك خرایە سەر دوایین هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و چارەسەری ئەو گرفتانەی لە بانكەكان دروست بوون.

وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا زیاتر لەیەك ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار كراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیكەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكە جەخت لەسەر  جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی كرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەكی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەكردووە یاخود كارتی بانكییان تەواو بووە و كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ڕێكاری  پێویست لە گەڵ ئەو بانكانە بگیرێتەبەر كە لە مانگەكانی ڕابردوو كێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕكردنەوەی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە و كەمی ئامێریان  ( ATM هەیە و هۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو كێشانە.

هاوكات پرسی كێشەكانی بانكی بازرگانی عێراقی ( TBI ) یەكێكی تر بوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو بانكە چەندین كێشەی هەبووە لەوانە كێشەی تەكنیكی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاكێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆكان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندیكردن و كەمی ئامێری ڕاكێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاكان و درەنگ پڕكردنەوەی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە، بەو هۆیەوە بەشێكی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانكە ناوی خۆیان تۆمار كردبوو لە ئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانكی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانكی ناوبراو دەكرێت ، هەر بانكێكیش توشی سزا و سنوورداركردنی خزمەتگوزارییەكان ببێتەوە لە پڕۆژەكە دور دەخرێتەوە، ئەم هەنگاوانەش هەر بانكێك دەگرێتەوە كە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە مووچەخۆران بكات.    
   
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر هەنگاوەكانی تۆماركردنی خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە پڕۆژەی هەژماری من ، كە لەكۆی ٤٥٥ هەزار سوودمەند تا ئێستا ٤٣٨ هەزاریان زانیارییەكانیان وەرگیراوە و زیاتر لە ٣٥٤ هەزار كەسیشیان لە پڕۆژەكە تۆمار كراون و لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرجەمیان تۆمار دەكرێن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن