راچڵەكین-
دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی دەستگیركردنی كەسێكی بەتۆمەتی كوشتنی هاوڵاتییەك لەشارۆچكەی پیرەمەگروون راگەیاند.
دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 28ی كانوونی دووەمی 2026 بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە 27/1/2026 لەشارۆچكەی پیرەمەگروون هاوڵاتییەك كوژرا، دوای بەدواداچوونەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكە، دەركەوت تۆمەتبارێك بەمەبەستی بردنی بڕێك پارە، بەچەكی جۆری دەمانچە هاوڵاتی (زیاد محمد)ی كوشتووە و مەبەستی بووە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بەرەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەڵبێت.
"دەستبەجێ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان ئەنجامدران بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری ڕووداوەكە، توانرا لەماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێردا تۆمەتباری بكوژ ( ه ، ف ، أ ) لەدایكبووی ٢٠٠٦ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوە لەشارۆچكەی چەمچەماڵ دەستگیربكرێت. " وەك لەراگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی-دا هاتووە.
لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ( ٤٠٦ ) لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی بەردەوامە.