ناوەڕۆكی ڕێكەوتنی نێوان حكومەتی سوریاو هەسەدە بڵاوكرایەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 121


راچڵەكین-

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەقی رێكەوتنی نێوان حكومەتی سوریاو هەسەدەی بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بێت كە ئەمڕۆ هەیینی 30ی كانوونی دووەمی 2026 بڵاوكراوەتەوە، بەگوێرەی رێكەوتنێكی گشتگیر، دیمەشق و هەسەدە رێكەوتوون لەسەر ئاگربەست، لەگەڵ لێكتێگەیشتن لەبارەی پرۆسەی تێكەڵاوبوونی قۆناغ بەقۆناغی سەربازی و ئیدارەی لەنێوان هەردوو لایەندا.

وەك لەرێكەوتنەكەدا هاتووە، هێزە سەربازییەكان لەخاڵەكانی بەریەككەوتن، چوونە ناوەوەی هێزەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی سوریا بۆ سەنتەری شارەكانی قامیشلۆو حەسەكە و دەستكردن بە تێكەڵاوكردنی هێزە ئەمنییەكان لەناوچەكە.

هاوكات فیرقەیەكی سەربازی پێكدەهێنرێت كە سێ لیوای هەسەدە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێكهێنانی لیوایەكی تایبەت بەهێزەكانی كۆبانێ لەچوارچێوەی فیرقەیەكی سەربازی سەر بەپارێزگای حەلەب.

وەك لەرێكەوتنەكە هاتووە، دامەزراوەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریا یەكدەخرێن و فەرمانبەرانیان  دەبنە هەمیشەیی.

هەریەك لە دیمەشق و هەسەدە رێككەوتون لەسەر یەكلاكردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەكانی گەلی كورد و زامنكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، ئامانج لەم رێكەوتنەش یەكخستنی تەواوەتی سوریا و دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەیە لە ڕێگەی هاوكاریی نێوان هەموو لایەنەكانەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن