وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانیی بۆسەر ناوچەیەكی باشووری لوبنان ئەنجامدا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانیش، لە ئەنجامی هێرشەكەدا كەسێك كوژرا.
میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ شەممە 31-1-2026، سوپای ئیسرائیل بە درۆن هێرشی كردە سەر شارۆچكەی نەبەتییە لە باشووری ئەو وڵاتە و ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج.
بەگوێرەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، لەئەنجامی هێرش ئاسمانییەكەی سوپای ئیسرائیل، ئۆتۆمبێلێك لە شارۆچكەی نەبەتییە راستەوخۆ كراوەتە ئامانج و ئاگری تێبەربووە، كەسێك لەناو ئۆتۆمبێلەكە، كە تائێستا ناسنامەكەی ئاشكرا نەكراوە، گیانی لەدەستداوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكردووە، ئەو كەسەی كوژراوە، ئەندامێكی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی بووە.
سەرباری رێككەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان، كە لەساڵی 2024 واژۆكرا، تائێستا سوپای ئیسرائیل دەیان جار هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر ناوچە جیاجیاكانی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان و سەركردەو پێگە سەربازییەكانی حزبوڵڵای كردووەتە ئامانج.