راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ساڵیادی 1ی شوباتدا پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: تیرۆرستان بەم كردەوانەیان دەریانخست ئەوان نەك هەر دوژمنی مرۆڤایەتی و دیموكراسی و ئازادین، بەڵكو دژی گشت بەهایەكی كۆمەڵایەتی و ئاینییشن، چونكە ئەو رۆژەی تیرۆریستان تاوانەكانیان تێیدا ئەنجامدا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو.
دەقی پەیامەكە..
لەیادی بیست و دووەمین ساڵڕۆژی كارەساتی تەقینەوەكانی یەكی شوبات لە مەڵبەندی سێی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كە تێدا پۆلێك سەركردە و كادرو لایەنگری هەردوو حزب و ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، تیرۆریستان بەم كردەوانەیان دەریانخست ئەوان نەك هەر دوژمنی مرۆڤایەتی و دیموكراسی و ئازادین، بەڵكو دژی گشت بەهایەكی كۆمەڵایەتی و ئاینییشن، چونكە ئەو رۆژەی تیرۆرستان تاوانەكانیان تێیدا ئەنجامدا یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، بەڵام لەچەند ساتێكدا گشت خۆشی و شادییەكیان خەڵتانی خوێن كرد و شاری هەولێریان تازێ بار كرد.
لەم رۆژانەدا كە ئەم یادە پڕ سوێیە دەكەینەوە جارێكی تر گەلەمان ڕووبەڕوی مەترسی تیرۆر و هەڕەشەی سڕینەوە بۆتەوە كە ڕۆژئاوای كوردستان بۆتە ناوەندی ئەم بەرەنگارییە رەوایە و گەلەكەمان لە سەرتاسەری كورستان و تاراوگە پشتیوانی خۆڕاگری رەوای براكانی دەكات و جۆرێك لەیەكڕیزیی میللی و نیشتمانییان دروست كردووە، واپێویست دەكات هێزە سیاسیەكانی كوردستان بەدەنگ پەرۆشی و داخوازی یەكڕیزی گەلەكەمانەوە بێن بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەكان و پتەوكردنی گیانی دەربەستی و یەكێتیی نەتەوەیی.
درود بۆ ڕۆحی شەهیدانی یەكی شوبات و گشت شەهیدانی كوردستان
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان