دەرباز كۆسرەت رەسول: هەموو كات بە یەكڕیزی و یەكدەنگی توانیوومانە دەستەبەری مافەكانمان بكەین

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 62


راچڵەكین-

دەرباز كۆسرەت رەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت:" هەموو كات بە یەكڕیزی و یەكدەنگی توانیوومانە دەستەبەری مافەكانمان بكەین و لە هەمانكاتیشدا رووبەڕووی دوژمنەكانمان ببینەوە."

لە 22 هەمین ساڵیادی تەقینەوەكانی 1ی شوباتی هەردوو بارەگای مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێر كەبەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستداو 250 كەسی تریش برینداربووت، دەرباز كۆسرەت رەسول، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەرباز كۆسرەت رەسول، لەبەشێكی پەیامەكەیدا دەڵێت:" ئەو پەیامەی تیرۆریستان بۆ ئەوێ رۆژێ ئاشكرابوو، كە چەند ناڕەحەت و قەڵسن بەو یەكڕیزی و تەباییەی كە هاتبووە ئارا لە باشووری كوردستان، هەر ئەمەش وایكرد یەكڕیزی ناوماڵی كورد زیاتر پتەوبكەین، بۆئەوەی دوژمنانی گەلەكەمان نەتوانن زەفەر بە ئەزموونەكەمان بەرن كە بەخوێن و خەباتی هەزاران تێكۆشەر هاتۆتە بەرهەم. 

دەقی پەیامەكەی دەرباز كۆسرەت رەسول: 

22 ساڵ لەمەوبەر دەستی رەشی تیرۆریستان و تاریكبینان و ناحەزانی یەكڕیزی كورد گەیشتە بەردەرگەمان و لەماوەی چاو تروكانێكدا سەدان رۆڵەی ئەم نیشتمانەیان شەهیدو برینداركرد. 

ئەو پەیامەی تیرۆریستان بۆ ئەوێ رۆژێ ئاشكرابوو، كە چەند ناڕەحەت و قەڵسن بەو یەكڕیزی و تەباییەی كە هاتبووە ئارا لە باشووری كوردستان، هەر ئەمەش وایكرد یەكڕیزی ناوماڵی كورد زیاتر پتەوبكەین، بۆئەوەی دوژمنانی گەلەكەمان نەتوانن زەفەر بە ئەزموونەكەمان بەرن كە بەخوێن و خەباتی هەزاران تێكۆشەر هاتۆتە بەرهەم. 

هاوتەریب لەگەڵ ساڵیادی ئەو رووداوە تیرۆریستیەی ١ی شوبات، براكانمان لە رۆژئاوای كوردستان رووبەڕووی گەلەكۆمەكی هێرشی تاریكبینان بوونەوە بینیمان هەموو گەلی كورد لە هەرچوارپارچەی كوردستان دەنگیان خستەپاڵ یەك و بە دروشمی یەكە یەكە كەیە، گەلی كورد یەكە، توانیان گەورەترین فشارو رای گشتی لە ئاستی نێودەوڵەتی دروست بكەن. 

هەموو كات بە یەكڕیزی و یەكدەنگی توانیوومانە دەستەبەری مافەكانمان بكەین و لە هەمانكاتیشدا رووبەڕووی دوژمنەكانمان ببینەوە.

وەڵام و یەكڕیزی ئەمجارەی هاووڵاتیانی كورد كاریگەرو بەهێزبوو، بۆیە پێویستە ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بكەینە هەوێنی كاری داهاتوومان، كە تەنها بەمجۆرە دەتوانین بگەین بەمافەڕەواكانمان. 



سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ١ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری كوردستان.

دەرباز كۆسرەت رەسول

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن