راچڵەكین-
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند كە تۆمەتبارە بە كوشتنی خوشكەكەی لە گوندێكی سەر بەقەزای سەید سادق.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026 هەواڵی برینداربوونی كەسێك بەناوی (ئـ، س، ع) لەدایكبووی 2008 لە گوندی تاسڵوجەی سەر بە قەزای سەیدسادق گەیشتە بنكەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكرد.
"دواتر بریندارەكە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە ڕێكخراو دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبار (ئـ، س، ع) لەدایكبووی 2013 دەركرد بەپێی ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادان." پۆلیسی سلێمانی وا دەڵێت.
وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" توانرا لەماوەی كەمتر لە كاتژمێرێكدا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە دەستگیربكرێت، هەروەها دەستگیرا بەسەر ئەو چەكەدا كە لە ڕووداوەكەدا تۆمەتبار بەكاریهێنابوو. لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەرو بەهەمان ماددەی یاسایی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە."