راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل بە هێزێكی زۆرەوە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە باشووری سووریا ئەنجام دەدات و جگە لە دانانی چەندین بازگە، ماڵی هاووڵاتیانی ناوچەكەش دەپشكنێت.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 4-2-2026، هێزێكی گەورەی سوپای ئیسرائیل بە چەندین تانك و زرێپۆشەوە، ئۆپەراسیۆنێكیان لە باشووری شاری قونەیتەڕەی باشووری سووریا ئەنجامدا و دوای گەمارۆدانی گوندێك، هەڵمەتێكی پشكنینیان لە ماڵەكانی گوندەكە دەستپێكرد.
هێزەكەی سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی دانانی چەندین بازگەی كاتی لەسەر رێگا سەرەكییەكان، رێگرییان لە هاتووچۆكردنیان هاووڵاتیان كرد و رێگەیان نەدا هیچ كەسێك لە گوندەكانی باشووری قونەیتەڕە، روو لەو شارە بكەن.
بەوتەی چەند شایەتحاڵێك، ئیسرائیل لەمیانی هەڵمەتەكەیاندا، ژمارەیەك هاووڵاتی گوندنشینیان دەستگیركرد و دوای لێكۆڵینەوە لەەڵیان، ئازادایان كردن.
سوپای ئیسرائیل كە تائێستا رووبەرێكی فراوانی لە باشووری سووریا كۆنترۆڵكردووە و ژمارەیەك سەربازگەیشی تێدا دروستكردووە، هێزێكی زۆری سەربازیی لەو ناوچانە جێگیركردووە، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش چەندین جار دووپاتیان كردووەتەوە كە لەو ناوچانەی باشووری سووریا ناكشێنەوە.
تائێستاش دەسەڵاتدارانی سووریا هیچ هەڵوێستێكیان بەرامبەر جوجۆڵە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە باشووری وڵاتەكەیان نییە.