راچڵەكین-
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ( هەسەدە) و ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، كۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی تایبەت بە سوریاو رۆژئاوای كوردستانیان كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا كەلەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، هەریەك لە ڕۆهەڵات عەفرینی، فەرماندەی هێزەكانی یەپەژە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەی بوون.
ژەنەڕاڵ مەزڵ,م عەبدی لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەلایەتی ئێكس نوسیوویەتی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وردەكارییەكانی رێككەوتنی 29ی كانوونی دووەمی رابردووی نێوان هەسەدە و حكوومەتی دیمەشقیان تاوتوێ كردووە.
باس لە چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و میكانیزمی پاراستنی خێزان و چەكدارە دەستگیركراوەكانی ئەو ڕێكخراوە كرا.
پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە كوردنشینەكان، پاراستنی مافی كورد لەسوریاو تێكەڵكردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان لەنێویاندا یەكینەكانی پاراستنی ژنان، تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوون. وەك ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ئاماژەی پێكردووە.
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لە گرنگیی جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكانی نێوان هەسەدە و سووریا كردەوە و پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەكەی بۆ كورد لەم قۆناغەدا دەربڕی.