راچڵەكین -
پڕۆژەی (ئی - پسوولە) لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا، كە ماڵپەڕێكی خزمەتگوزاریی حكوومییە و لەو رێگەیەوە هاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین پارەی رسوماتەكان بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-2-2026، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق، پڕۆژەی (ئی - پسوولە) لە هەرێمی كوردستان راگەیەندرا، كە سەكۆیەكی دیجیتاڵییە و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دانراوە و بانكی ناوەندیی عیراقیش پەسەندیكردووە.
بە كەوتنەكاری ئەو پرۆژەیە كە 24 كاتژمێر و هەموو رۆژانی هەفتە كارا دەبێت، هاووڵاتیان دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین پارەی رسوماتەكان بدەن كە هیچ عمولەیەكی ناچێتەسەر، لە قۆناغی یەكەمیشدا پارەدانی ئەلیكترۆنی بۆ رسوماتی كارەبا دەستەبەر دەبێت.
هاووڵاتیانی دەتوانن لەڕێگەی چەند بانك و جزدانێكی دیجیتاڵی پارەی رسوماتەكان بدەن، لەوانە: بانكی جیهان، بانكی FIB، ناس واڵێت، فاست پەی و ئاسیا پەی، بڕیاریشە لە داهاتوویەكی نزیكدا چەند بانكێكی دیكەش بچنە ناو پڕۆژەكەوە، لەوانەش ئاڕ تی بانك، بانكی ئیسلامیی عیراقی، بانكی بەغدا، بانكی ئیسلامیی ئەبوزەبی و بانكی BBAC.