راچڵەكین-
كۆنگرێسی ئەمریكا پرۆژە یاسای پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان تاوتوێ دەكات.
فۆزا یوسف، ئەندامی ئەنجوومەنی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتیك (پەیەدە) ، لە پەیامێكدا تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردووەتەوە:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرێسی ئەمریكادا تاوتوێی پرۆژە یاسای پاراستنی كورد دەكرێت. دەبێت هەموو كورد پشتیوانی ئەو خواستە بكات، تا ئەوەی لەم جوگرافیایەدا كۆتایی بە كۆمەڵكوژی سەر كوردان بهێندرێت."
پرۆژە یاسای پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن سیناتۆری ئەمریكی لیندزی گراهام پێشكەش بەكۆنگرێس كراوە، دوای ئەو پەلامارەی لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریا بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع كرایە سەر كورد لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسودو شەرەفییەی حەلەب و پاشان لەرۆژئاوای كوردستان كە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی سەدانی تر.