راچڵەكین-
بەرپرسێكی ڕەوتی حیكمە سیناریۆی كشانەوەی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاشكرا دەكات.
رۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026 سەباح ساڵحی، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێكردنی رەوتی حیكمە بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاند لە دوایين كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێشنیازی كشانەوەی نوری مالیكی كراوە.
" سیناریۆكە بەو شێوەیەیە، نوری مالیكی بەفەرمی پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت و دواتر لەسەر ویستی خۆی بكشێتەوە، نەك بەهۆی ناڕەزایەتی و لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بەگوێرەی زانیارییەكانیش مالیكی بەم پێشنیازە و كشانەوەكە رازی بووە." ئەو بەرپرسەی رەوتی حیكمە وا دەڵێت.
سەباح ساڵحی ڕوونیكردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا چاوەڕوانی هێوربوونەوەی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكایە و نایەوێت هەنگاوێك بنێت كە ئاڵۆزی زیاتری بەدوادا بێت.