راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێـت، وەزارەتی دارایی عیراق زیاتر لە 36 ملیاری لەكۆی تەمویلی مووچەی مانگی یەك نەناردووەو سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەن لەگەڵیاندا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی ( ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦ ) بڕی ( ٩٣١،٢٥٧،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەدو سی و یەك ملیارو دووسەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.
وەك لەڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات و ئەو كێشەو گیرو گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان دروستی دەكات، بۆ مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) سی و شەش ملیارو سێ سەدو شەست ملیۆن و هەشت سەدو شەست و چوار هەزار دیناری لەكۆی تەمویلی مووچە نەناردووە.
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، ئەو تەمویلەی نەنێردراوە، بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی كە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین كراون و دوای پەسەندكردن و تەواوكردنی دۆسیەكانیان لە مانگی كانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە كراونەتەوە،( واتە ئەو خانەنشینانەی كە لەمانگی یەك داخڵی لیستی مووچە كرابونەوەو پێویست بوو چەند مووچەیەك پێكەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنها یەك مووچەیان بۆ هاتووە كە مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەكانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو خەرجكردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیكترین كاتدا) .