راچڵەكین -
سوپای رووسیا لە پێشڕەوییەكانی بۆناو قووڵایی خاكی ئۆكراینا بەردەوامە و ناوچەیەكی دیكە لە هەرێمی زاپۆرۆژیا كۆنترۆڵ دەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە هەزار و 245 سەربازی ئۆكراینی كوژراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-2-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا نوێترین ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ دژ بە سوپای ئۆكراینا بڵاكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، هێزەكانیان لەئەنجامی هێرشێكی فراوانی زەمینی، توانییان شارۆچكەیەك لە هەرێمی زاپۆرۆژیا لە باكووری رۆژهەڵاتی ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، هێزەكانیان لە پێشڕەویی بەردەوامدان و لەماوەی 24 رابردوودا، هەزار و 247 سەربازی ئۆكراینی و چەكداری كرێگرتەی بیانی كوژراون، هاوكات دەیان درۆن و سەكۆی مووشەكی لەناوبراون و چەندین عەمباری چەك و تەقەمەنیی ئۆكرایناش لەناوچەكانی نزیك لە بەرەكانی جەنگ، تەقێندراونەتەوە.
بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای رووسیا لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی پلانە سەربازییەكانیان دەكات كە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی خاكی زیاتری ئۆكراینا و ناچاركردنی بە قبوڵكردنی مەرجەكانی بۆ راگرتنی شەڕ و واژۆكردنی رێكەوتننامەی ئاشتی.