راچڵەكین -
هێزەكانی سوپای ئیسرائیل پرۆسەیەكی نوێی سەربازی لە باشووری سووریا ئەنجام دەدات و جگە لە پشكنینی ماڵان، ژمارەیەك هاووڵاتیشی دەستگیركرد.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 10-2-2026، هێزێكی سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێكی لە ناوچەی گۆلی یەرموك لە گوندەوارەكانی پارێزگای دەرعا لە باشووری سووریا ئەنجامدا و هەڵمەتێكی پشكنینی ماڵەكانی لە گوندەكانی ناوچەكە دەستپێكرد.
بەگوێرەی چەند شایەتحاڵێك، هێزەكەی سوپای ئیسرائیل لەمیانی هەڵمەتەكەدا، ژمارەیەك هاووڵاتی نیشتەجێی گوندەكانی پارێزگای دەرعای دەستگیركرد، كە تائێستا هۆكارەكەی نەزانراوە.
هاوكات لەگەڵ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، هێزێكی زۆری سوپای ئیسرائیل بە چەندین تانك و زرێپۆشەوە لە گوندەوارەكانی پارێزگای قونەیتەڕە بڵاوەیان پێكرا و لەڕێگەی دانانی بازگەی كاتییەوە، بۆماوەی چەند كاتژمێرێك هاتووچۆی هاووڵاتیانیان لە ناوچەكە پەكخست.
ماوەی چەند رۆژێكە جموجۆڵەكانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری سووریا زیادیكردووە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ داواكارییەكانی هەریەك لە توركیا و عەرەبستانی سعودی بە كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئیسرائیل لە خاكی سووریا.