وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوەو بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عیراق، تەوەرێكی كۆدبوونەوە دەبێت.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی شوباتی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، كۆدەبێتەوەو لە كۆبوونەوەكەدا سێ تەوەری سەرەكی گفتوگۆ دەكرێن.
تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە بریتییە لە بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق كە لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ئەنجام درا و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەكە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان (جگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) بەفەرمی بە ڕێژەی 14.1% دەستنیشان كرا، بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پابەندكردنی حكومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەكە بۆ مەبەستی دەستنیشانكردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان، ئەمە سەرەڕای جەختكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی پێشوەختەی نێوان هەردوو حكومەت بەگوێرەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ.
تەوەری دووەم، تایبەتە بە پەسەندكردنی كۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق لە ڕێكەوتی 27ی تشرینی دووەمی 2025 كە لەنێوان هەردوولا ئیمزاكرا لەبەر ڕۆشنایی ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (5423) لە 12ی تشرینی دووەمی 2024 تایبەت بە یەكخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەزگای ناوبراو پشتبەست بە ماددەی (132)ی دەستوور و یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2025.
لە تەوەری سێیەمدا بڕیاردان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەكرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاكمە) و چارەسەركردنی پارەی كەڵەكەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004-2022) گفتوگۆ دەكرێت.