راچڵەكین-
وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەڵێت، لێدوانەكانی ئەم دواییەی هاكان فیدان- وەزیری دەرەوەی توركیا، دەرچوونە لە عورفی دیبلۆماسی و دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی عیراق.
رۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 محەممەد حسێن بەحر علوم، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عیراق، بانگهێشتی ئانێل بورا ئینان، باڵیۆزی توركیای لە بەغدا كردو نیگەرانییەكانی عیراقی بەرامبەر لێدوانەكانی ئەم دواییەی هاكان فیدان-ی وەزیری دەرەوەی توركیا، پێگەیاند.
بەحر علوم رایگەیاند، لێدوانەكەی هاكان فیدان، زیان بەپەیوەندییە دۆستانەكانی عیراق و توركیا دەگەیەنێت و دەستوەردانە لەكاروباری عیراق و دەرچوونە لە عورفە دیبلۆماسییەكان.
" دۆسێی شەنگال و تەواوی ناوچەكانی عیراق، بابەتێكی تەواو ناخۆیین، بەوێرەی میكانیزمە نیشتمانییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و بەتەواوی دەستوەردانی دەرەكی بۆ سەپاندنی چارەسەر یاخود بەكارهێنانی ئەم دۆسێیانە بۆ كاریگەری سەربازی و سیاسی ڕەتدەكرێنەوە."
لەبەرامبەردا، باڵیۆزی توركیا رایگەیاند، لێدوانەكەی هاكان فیدان بە دروستی لێكدانەوەی بۆ نەكراوە بەهۆی ئەوەی بەهەڵە وەرگێڕدراوە، كەبەوتەی ئینان، وەزیری دەرەوەی توركیا مەبەستی لێدوانەكەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بووە كەلەعیراقدان و بەهیچ شێوەیەك مەبەستی ناوخۆی عیراق و هاوڵاتیاین عیراقی نەبووە.
هاكان فیدان، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن تورك رایگەیاند:" دوای لەناوبردنی پە*كە*كە لە سوریا، دەستمان بەتاڵ دەبێت بۆیان لە عیراق و ئومێدەوارین حكومەتی عیراق سود لە ئەزمونی سوریا وەربگرێت و بڕیارێكی ژیرانەتر بدات."
فیدان، ئاماژەی بە ئەگەری ئۆپەراسیۆن لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ سەر شنگال كرد و وتی، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەگەری "گۆڕانكاری لە ناوچەكەدا" هەیە كە مەخموور و شنگال و قەندیلیش دەگرێتەوە.