راچڵەكین-
دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی دوو سكاڵای تایبەت بە سیستمی پێناسی نوێی گومرگی ( ئەسیكۆدا) بڕیاریدا.
سكاڵاكان لەلایەن هەردوو پەرلەمانتار محەممەد جاسم خەفاجی و مستەفا جەبار سەنەد، لەدادگای فیدراڵی تۆماركرابوون تیایدا داواكراوە بڕیاری ژمارە 957ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی ڕێكخستنی خشتەی پێناسی گومرگی و میكانیزمی كۆكردنەوەی بە نادەستووری بناسێندرێت.
دادگای فیدراڵی عیراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی هەردوو سكاڵاكە بەپاساوی ئەوەی:"سكاڵاكە مەرجی (بەرژەوەندی) تێدا نییە."
ئەسیكۆدا (ASYCUDA) سیستمێكی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە؛ بازرگانیی دەرەكی تێدا رێكخراوە و زانیاری لەسەر جۆری كاڵا بازرگانییەكان دەستەبەر دەكات. 108 وڵات كاری پێدەكەن. ئەو بازرگانانەی لەو سیستمەدا تۆماركراون، دەتوانن كاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار (1320 دینار) هاوردە بكەن.
پێناسی نوێی گومرگی ژمارەیەك لە لایەنە شیعەكانی نیگەرانی كردووە، بەڵام حكومەتی سودانی دەڵێ ئەمە بڕیارە بۆ رێكخستنی بازرگانی دەرەكییەو دەروازە سنورییەكانەو، لەلایەن ئەمریكاو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە داوای جێبەجێكردنی كراوە.