راچڵەكین-
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لەحكومەتی فیدراڵ دەكاتن پابەندی رێكەوتنە هاوبەشەكان بێت، هاوكات دەستكاریكردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق رەتدەكاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی لەشاری هەولێر كۆبوەوە.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێكی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عیراق خستەڕوو كە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەكە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ( جگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان كرا.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە:"ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا كە بە چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند كرا و حكومەتی فیدڕاڵ پابەند دەكات بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامە و بڕیارەكانی خودی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، كە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێككەوتنی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری كردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەكە، كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەكانی هەرێمی كوردستان و پێویستی بە ڕێكاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی."
ئەنجومەنی وەزیران، دەستكاریكردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەتكردەوەو رایگەیاند، هەنگاوی پێویست دەگرێتە بەر بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵە و دەستكاریكردنەكان و داواش لە حكومەتی فیدراڵ دەكات پابەند بێت بە ڕێككەوتنە هاوبەشەكان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەكە كە ڕێژەی هەرێمی كوردستان %14.1ە .
لە هەمان كاتدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوای لە سەرۆكایەتی كۆمار و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد، وەك ئەركێكی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان ، بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن و ڕێگە نەدەن دەستكاری ئەنجامەكانی ئەم سەرژمێرییە بكرێت و نابێت قبوڵی بكەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی كەم بكرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها داوای لە حكومەتی فیدراڵ كرد پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەكە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم كە %14.1ە ، بكرێتە بنەما بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و شایستە دەستوورییەكانی.
لە بڕگەی دووەمی كارنامەكە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندكردنی كۆنووسی لەیەكترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عیراق كرا تایبەت بە یەكخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەكانی زیندانییان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوتاكانیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025 ی هەمواری یاسای زیندانییانی سیاسیی عیراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، پوختەیەكی بابەتەكەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەكاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەكەی خستەڕوو.
وەك لەراگەیەندراوەكەی فەرمانگەی میدیاو زانیاریدا هاتووە:" ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێك دەكات بە ئاراستەی خزمەتكردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاكانیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق، لە هەمانكاتدا جەختكرایەوە لە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و داڕشتنی میكانیزمیی پێویست بۆ زامنكردنی خەرجكردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی كە بە گوێرەی ماددەی 132 ی دەستوور ، ئەرك و بەرپرسیارێتی دەستووریی حكومەتی فیدڕاڵیە بە یەك چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بكات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ڕاسپێردرا كە درێژە بە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانكردنی میكانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێكردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوكردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە كۆبونەوەكە خرانەڕوو."