راچڵەكین -
دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە سێ چالاكی جیاوازدا دەستبەسەر دەیان كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا دەگرن و سێ بازرگانی نێوخۆیی و بیانیش دەستگیر دەكەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكان بۆ رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و دەستگیركردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، لەمانگی 1 ی ئەمساڵدا، لەسێ چالاكی جیاوازدا سێ تۆمەتبار دەستگیردەكەن كە بازرگانی نێوخۆیی و بیانی بوون، هەروەها توانراوە دەستبگیرێت بەسەر بڕی 24 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری كریستاڵ و 11 كیلۆگرام حەشیش.
وەك لە راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، تۆمەتباران هەوڵیانداوە لەڕێگەی (پۆست)ەوە ئەو ماددە هۆشبەرانە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بنێرن. لەئێستاشدا هەرسێ تۆمەتبارەكە بەپێی ماددەی 25 لەیاسای ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵییەكان، راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانیان بەردەوامە.