راچڵەكین -
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میونشن، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبووەوەو جەختیان لە گرنگیی چارەسەركردنی تەنگژەكانی سووریا و پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكان كردەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2026/2/14، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی كارنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، پەیوەندییەكانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سووریا و كاریگەرییەكانی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە تاوتوێ كران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەركردنی تەنگژەكانی سووریا و پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكان كردەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە دۆخی مرۆییی ئاوارەكان و برەودان بە دیالۆگی نیشتمانی لەپێناو داهاتوویەكی سەقامگیر بۆ وڵات كرا. وەزیری دەرەوەی سووریا ستایشی ڕۆڵی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ڕێككەوتنی دیمەشق و هەسەدە و هاوكاریكردنی ئاوارەكان و هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، هیوای سەركەوتن و ئارامی و سەقامگیریی بۆ سووریا خواست، هەروەها جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەكانی كورد لە دەستووری داهاتووی سووریای یەكگرتوودا كردەوە.