راچڵەكین -
حكومەتی عیراق پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی پێناسی گومرگی و جێبەجێكردنی تەواوەتی سیستمی ئاسیكودا دەكاتەوە و سودانیش بڕیار دەدات پاڵپشتی لە رێكارەكانی دەستەی دەروازە سنورییەكان لە خاڵەكانی هاوسنوری هەرێمی كوردستان بكرێت.
ئەمڕۆ شەممە 14-2-2026، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بەدواداچوون بۆ هەوڵەكانی جێبەجێكردنی بڕیارنامەی ژمارە ٩٥٧ی ساڵی ٢٠٢٥ی حكومەت و بڕیارەكانی دیكەی كابینەی حكومەت كە تایبەتن بە جێبەجێكردنی باجی گومرگی و سیستەمی ئاسیكودا، ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لە كۆبونەوەكەدا كە بەڕێوەبەری گشتی دەستەی دەروازە سنورییەكان و بەڕێوەبەرانی گشتی گومرگ و باج و چەند راوێژكارێكی سەرۆكی حكومەت ئامادەیبوون، جەختكرایەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی بڕیارەكان و جێبەجێكردنی پێناسی گومرگی و جێبەجێكردنی تەواوەتی سیستەمی ئاسیكودا.
سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد كە ئەم دۆسیەیە نمایندەی هەنگاوێكی گشتگیری چاكسازیی ئابووری دەكات، راشیگەیاند: ئامانج لەو بڕیارە گرنگ و ستراتیژییانەی كە دراون، راستكردنەوەی رێڕەوی ئابووری و چارەسەركردنی ناهاوسەنگییە كەڵەكەبووەكانە.
سودانی بڕیاریشیدا بە پاڵپشتیكردنی رێكارەكانی دەستەی دەروازە سنورییەكان لە خاڵەكانی پشكنینی هاوسنوری هەرێمی كوردستانی عێراق، بە ئامانجی گرەنتیكردنی یەكسختنی رێكارەكان و رسومات لە سەرجەم دەروازەكاندا، هەروەها بەدیهێنانی كێبڕكێی دادپەروەرانە لە بازاڕ و بەهێزكردنی پارێزگاریی لە بەرهەمی ناوخۆیی، وێڕای بەدەستهێنانی جیاوازی رسومات بەشێوەیەكی رێكخراو.