پەرلەمان لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمار داوایەك ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی دەكات

عێراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 104

راچڵەكین -

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی یاسایی بوونی مانەوەی سەرۆككۆمار لە پۆستەكەی دوای تێپەڕبوونی 30 رۆژ بەسەر یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان، داوای روونكردنەوەی یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵی دەكات.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە و بۆ راڤەكردنی ماددەی (72/ دووەم/ ب)ی دەستووری عیراق، كە تایبەتە بە ئەركەكانی سەرۆككۆمار و وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی ماددەی (72/ دووەم/ ب) لە دەستووری هەیمشەیی عیراق، سەرۆككۆمار تا دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و كۆبوونەوەی، لە ئەركەكەی بەردەوام دەبێت، بەڵام دەبێ لەماوەی 30 رۆژ لە بەرواری یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی كۆمار ئەنجام بدرێت.

ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوەكەیدا روونیكردووەتەوە، نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان لەچوارچێوەی پەرۆشیی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و بڕوابوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان دێت بە رۆڵی دادگای باڵای فیدراڵی و ئەركە دەستورییەكانی بەپێی ماددەی 93ی دەستوور و ماددەی 4 لە هەمواری یەكەمی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 25ی ساڵی 2021، هەروەها ماددەی 7 لە پەیڕەوی ناوخۆی ژمارە 1ی دادگای فیدراڵی ساڵی 2025، ئەمەش لەسایەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە وادەی دیاریكراوی دەستووری بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی دانیشتنەكانی پەرلەمان، سەرباری پەرۆشیی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكە بەبێ دواكەوتن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن