راچڵەكین -
دوای چەندین رۆژ لە هێرشی بەرفراوان بۆسەر هەرێمی زاپۆرۆژیا، سوپای رووسیا توانی ناوچەیەكی ستراتیجی لە باشووری ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكات، بەپێی نوێترین ئاماریش، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە هەزار و 110 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون.
ئەمڕۆ یەكشەممە 15-2-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا نوێترین ئاماری شەڕو پێكدادانەكانی لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ دژ بە سوپای ئۆكراینا بڵاكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، هێزەكانیان لەئەنجامی هێرشێكی فراوانی زەمینی، توانییان شارۆچكەی تسفیتكۆڤۆیە لە هەرێمی زاپۆرۆژیا لە باشووری ئۆكراینا كۆنترۆڵ بكەن، كە شارۆچكەیەكی ستراتیجییە و گرنگییەكی زۆری لەبواری سەربازیدا هەیە.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەكانی 24 رابردووی هێزەكانیان بۆسەر سەنگەر و پێگە سەربازییەكانی سوپای ئۆكراینا، هەزار و 113 سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون، جگە لە كوژرانی سەدان چەكداری كرێگرتەی بیانی، كە لە پاڵ هێزەكانی ئۆكراینادا شەڕ دەكەن، هاوكات دەیان درۆن و سەكۆی مووشەكی و تانك و زرێپۆشی سوپای ئۆكرایناش لەناوبراون.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، سوپای رووسیا دەیان شارو و شارۆچكەی ئۆكراینای كۆنترۆڵكردووە و هەزاران سەربازیشی بەدیلگرتووە.