راچڵەكین -
هێزەكانی سەر بە حكومەتی سووریا هێرشەكانیان بۆسەر پارێزگای سویەدای دروز نشین دەستپێكردەوەو بە درۆن بنكەیەكی پاسەوانی نیشتمانییان بۆردومانكرد و بەهۆیەوە دوو كەس كوژران و چواری دیكەش بریندار بوون.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 15-2-2026، هێزەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق بە درۆن هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانی (هێزی دروزەكان) و بنكەیەكی ئەو هێزەیان لە گوندی مەنسوڕەی رۆژئاوای پارێزگای سوەیدا بۆردومان كرد.
هێرشەكە بووە هۆی كوژرانی دوو كەس و بریندار بوونی چوار كەسی دیكە، كە سەرجەمیان دروز بوون، لەدوای هێرشەكە شەڕو پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانیی دروزەكان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق دروستبوو، بەڵام هیچ ئامارێك لەبارەی زیانە گیانییەكان بڵاونەكراوەتەوە.
لەچەند رۆژی رابردووشدا گروپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی سووریا بەهاوكاری چەكدارە بەدووەكان، لەچەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردە سەر پێگە سەربازییەكانی دروزەكان لە رۆژئاوای پارێزگای سوەیدا، بێ ئەوەی هیچ پێشڕەوییەكان هەبێت.
پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان گروپە چەكدارەكانی سووریا و دروزەكان، لەكاتێكدایە حكومەتی دیمەشق هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگای سوەیدا و ناوچەكانی دەوروبەری دەدات، لە بەرامبەردا دروزەكان كە لەلایەن حكومەتی ئیسرائیلەوە پاڵپشتیی دەكرێن، رەتیدەكەنەوە جارێكی دیكە بچنەوە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق و داوای هەرێمی سەربەخۆ دەكەن.