دۆناڵد ترەمپ دۆسیەی تایبەت بە بوونەوەرە ئاسمانییەكان بڵاودەكاتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین -

دۆناڵد ترەمپ فەرمان بە ئیدارەی ئەمریكا دەكات سەرجەم ئەو دۆسییانە بڵاوبكەنەوە كە تایبەتن بە تەنە نەناسراوەكان و ئەگەری هەبوونی هەر بوونەوەر و ژیانێك لە دەرەوەی گۆی زەوی.

سەرۆكی ئەمریكا لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس بڵاویكردووەتەوە، نووسیویەتی "پشتئەستوور بەو ویستە گەورەیەی كە نیشاندراوە، وەزیری جەنگ و وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی ئەمریكا ئاڕاستە دەكەم بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی دیاریكردن و بڵاوكردنەوەی دۆسییەكانی حكومەت كە پەیوەندیدارن بە بوونەوەر و ژیانی دەرەوەی زەوی، دیاردە ئاسمانییە نەناسراوەكان، تەنە فڕیوە نەناسراوەكان و هەر زانیارییەكی دیكەی پەیوەست بەم بابەتانەی كە زۆر ئاڵۆزن، بەڵام ئەوپەڕی سەرنجڕاكێشن".

لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان ڕاپۆرتی جۆراوجۆر بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بە دەنگۆی تۆماركردنی بەڵگەی هەبوونی بوونەوەری ئاسمانی و هاتنیان بۆسەر هەسارەی زەوی، بەڵام تائێستا ئەم دەنگۆیانە پشتڕاستنەكراونەتەوە.

ئەم بابەتە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر سەرنجی كۆنگرێسی ئەمەریكای ڕاكێشاوە، بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرێس دەڵێن باوەڕیان وەهایە بوونەوەری دەرەوەی زەوی تۆماركراوە، چەند كۆنگرێسمانێكی تریش داوای شەفافیەت لەو پرسەدا دەكەن، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەكانیان لە ئەگەری ئەوەی تەنە نەناسراوەكان پێكهاتبن لە ئامێری پێشكەوتووی سیخوڕیی وڵاتانی ڕووسیا و چین.

بەگوێرەی راپۆرتێكی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا كە ساڵی 2024 بڵاوكرایەوە، هیچ بەڵگەیەك نییە كە لێكۆڵینەوەكانی حكومەت گەیشتبن بەو ئەنجامەی هەبوونی بوونەوەری ئاسمانیی بسەلمێنێت. وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە ئەو ڕاپۆرتانەی لەنێوان ساڵانی 1950-1960 دراون، شیانی هەیە بگەڕێنەوە بۆ تاقیكردنەوەی فڕۆكەی سیخوڕیی پێشكەوتوو و تەكنەلۆجیاكانی تری نهێنی ئەمریكا.

كۆتایی ساڵی ڕابردوو، دۆكیومێنتارییەك بڵاوكرایەوە بە ناوی "سەردەمی ئاشكراكردن" كە تێیدا بانگەشەی ئەوە دەكرێت ئیدارەی ئەمریكا نزیكەی 80 ساڵە زانیارییەكانی سەبارەت بە تۆماركردنی ژیری نامرۆڤی شاردووەتەوە.

لە دۆیكومێنتەرییەكەدا، ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەشدارە و دەڵێت: لە بنكە ئەتۆمییەكانی ئەمریكادا تەنی فڕیوی نەناسراو دیاریكراون، كە ئەمریكایی نین و زانیارییەكان لەبارەیانەوە هێندە نهێنییە كە تەنانەت سەرۆكەكانی ئەمریكاش بەڕێژەیی و تەنها "بە گوێرەی پێویست" زانیارییەكانیان پێدەدرێت.

فەرمانەكەی دۆناڵد ترامپ بۆ بڵاوكردنەوەی دۆسییەكان لە كاتێكدایە دووشەممەی ڕابردوو باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لەكاتی بەشداریكردنی لە پۆدكاستێكدا، رایگەیاند: ئەگەرەكان بەو ئاڕاستەیەدان كە هەبوونی بوونەوەری ئاسمانیی راستە، بەڵام ئەو وەك سەرۆك هیچ بەڵگەیەكی لەبارەیەوە نەبینیوە.

لە دوای پۆدكاستەكەدا، ئۆباما لە پۆستێكی سەكۆی (X) روونكردنەوەی زیاتری دا و ڕایگەیاند، "لە ڕووی ئامارییەوە گەردوون ئەوەندە فراوانە، كە ئەگەری باش ئەوەیە ژیان لە دەرەوەی زەوی هەبێت، بەڵام مەودای نێوان كۆمەڵەی خۆرەكان ئەوەندە زۆرە كە ئەگەری سەردانیان بۆ لای مرۆڤ كەمە".

سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا ئەوەشی روونكردووەتەوە كە لە ماوەی سەرۆكایەتیمدا هیچ بەڵگەیەكم نەبینی لەسەر ئەوەی بوونەوەرە دەرەكییەكان پەیوەندییان لەگەڵ ئێمەدا كردبێت.
سەرچاوە: دەنگی ئەمریكا

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن